بەشی نێودەوڵەتی: لە کاتێکدا کە دانوستانەکانی نێوان وەفدی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و دەوڵەتی نوێی دیمەشق سەبارەت بە داهاتووی هێزە کوردەکانی سووریا گەیشتۆتە بنبەست، ئەمریکا بە پێداگریی بۆ تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لە پێکهاتەی سەربازیی سووریا، ئاسایشی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و سەقامگیری ناوچەکە تووشی مەترسییەکی گەورە دەکات.
بنبەست لە دانوستانی کورد و دیمەشق
دانوستانەکانی نێوان دەوڵەتی کاتی سووریا بە سەرکردەیی ئەحمەد شەرع و فەرماندەیی هەسەدە بە سەرکردەیی مەزلووم کۆبانی لە مانگی مارچەوە دەستی پێکرد و لەو کاتەدا ڕێککەوتنێکی سەرەتایی واژۆ کرا کە بەپێی ئەو، ناوچە کوردنشینە خۆسەرەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە تێکەڵ بە پێکهاتەی فەرمیی دەوڵەتی نوێ دەبوون. بەڵام هەسەدە و تێکەڵبوونی لە پێکهاتەی سەربازیی سووریا گەورەترین گرفتی نێوان هەر دوو لایە.
ڕۆڵی گوماناویی واشنتۆن و گوشارە تێکدەرەکانی تام باراک
تام باراک، باڵوێزی ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی واشنتۆن لە کاروباری سووریا، لەمدواییە سەردانی دیمەشقی کرد و لە نێوان ئەحمەد شەرع و مەزلووم کۆبانی ناوبژیگەری کرد، بەوەشەوە دەستێوەردانی نە تەنیا چارەساز نەبوو، بەڵکوو بووە هۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە. بەتایبەت پێداگریی ئەو لە تێکەڵبوونی خۆویستانەی هەسەدە لە پێکهاتەی سەربازیی سووریا وەک ویستی واشنتۆن، کە بەکردەوە نیشاندەری پاڵپشتیی ئەمریکا لە ڕەوتی هەڵوەشانەوەی هێزە کوردەکانە و ئەو پەیامە بە دیمەشق دەدا کە کوردەکان چیتر پاڵپشتیی لێبڕاوانەی ئەمریکایان نییە و ئەمە جەسارەتێکی زیاتر دەدا بە دەوڵەتی دیمەشق بۆ گوشارنانەوە و هەڕەشە لە دژی هەسەدە.
دووپاتبوونەوەی هەڵەی بێرمێر لە عێراق
ئەزموونی مێژوویی عێراق لە ساڵی 2003، کە تێیدا پۆل بێرمێر نوێنەری ئەمریکا ویستی لە سەر داوای هەندێک لە گرووپەکان، هێزەکانی پێشمەرگە هەڵوەشێنێتەوە و بەرەنگاری خۆڕاگریی سەرکردەکانی هەرێم بۆوە، دەتوانێ وانەیەکی گرینگ بێت بۆ واشنتۆن. بە تایبەت کە ئێستا، پێشمەرگە سەرەڕای ئەوەی وەک بەشێک لە ئەرتەشی نیشتمانی عێراق، بۆتە هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکا لە شەڕی داعش.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سناریۆیەکی هاوشێوەی بێرمێری لە ئێستادا هەسەدەی بەرەوڕووی هەڕەشەی هەڵوەشانەوە کردووە و ئەمریکا فەرامۆشی کردووە کە هێشتاش بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییەکان لە لایەن داعش، ئەلقاعیدە و توندئاژۆیانی تەکفیری پێویستی بە هاوپەیمانانی یەک دەیەی ڕابردوویەتی.
ئاسایشی کەمینەکان و نامتمانەیی بە دیمەشق
کوردەکانی سووریا لە هەلومەرجێکدا خۆدەبوێرن لە چەکدانانی یەکجاری کە توندوتیژی ئەم دوایە لە دژی کەمینە عەلەوییەکان، درۆزییەکان و مەسیحییەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی سوڕیادا، گومانی جیدی خستۆتە سەر توانا و ئیرادەی دەوڵەتی دیمەشق بۆ پاراستنی کەمینەکانی ئەو وڵاتە و پاراستنی پێکهاتەی بەرگریی هەسەدە، نەک هەر بۆ کوردەکان، بەڵکوو بۆ کەمینەکانی تریش گەڕەنتییەکی گرینگی ئەمنییە.
هەسەدە سەرمایەیەکی ئەمنی بۆ ئەرتەشی داهاتووی سووریایە
هێزەکانی هەسەدە لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو بە یارمەتیی ئەمریکا، پێکهاتەیەکی سەربازیی کارایان بەدی هێناوە کە هەڵگری هێزی تایبەتی، یەکەی دژە تیرۆریزم و پۆلیسی خۆجێیەیە و ئەم دەفرایەتییە دەتوانێ وەک سەرمایە و سامانێکی گرنگ بۆ ئەرتەشی نوێی سووریا ئاوڕی لێ بدرێتەوە؛ بە تایبەت لە هەلومەرجێکدا کە ئەرتەشی ناوەندیی سووریا هێشتا بەرەوڕووی قەیرانی پێکهاتەیی و کەمایەسیی هێزی ڕاهاتووە.
دووفاقەیی لە سیاسەتی ئەمریکا؛ تۆکمەی جیهادییەکان، لاوازکردنی هاوپەیمانان
خاڵی ترسێنەر لێرەدا ئەوەیە کە ئەمریکا پێشتر پاڵپشتی کردووە لە تێکەڵبوونی هێزە ئیسلامییە ڕادیکاڵەکان لە یەکەگەلی جودا لە پێکهاتەی سەربازیی سووریا، کەواتە پشتگیری نەکردن لە مانەوەی هێزەکانی هەسەدە وەک دامودەزگایەکی سکۆلار و دیموکراتیک لەو دۆخەدا، پرسیارگەلێک دەنێتەوە.
چونکە ئەگەر واشنتۆن بۆ گرووپە ڕادیکاڵەکان، کەشی هاوبەشی دەڕەخسێنێت و بەپێچوانە پێمڵە لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانانی پێشووی، ئەوا خەریکە پەیامێکی نەرێنی و پڕمەترسی دەدات بە هاوپەیمانانی دیکەی لە ناوچەدا.
ئاوەزمەندی لە بەرامبەر بەرژەوەندخوازیی کاتی
لە کۆتاییدا، پاراستنی پێکهاتەی تەکوزی هێزەکانی دیموکراتیکی سووریا نەک هەر بەپێچەوانەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی ئەرتەشێکی هەمەلایەنە لە سووریادا نییە، بەڵکوو دەتوانێ ببێتە بنەمایەک بۆ سەقامگیریی ناوچەیی و هاوکاریی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆریزم. ئەگەر ئەمریکا و دیمەشق گرفتیان لەگەڵ مانەوەی هێزە تەکفیری و جیهادییەکان نییە، بەپێی چ لۆژیکێک چاوەروانی هەڵوەشانەوەی هێزە کوردەکان دەکەن؟ بۆیە ئەمریکا پێویستە ئەوە بزانێت کە لە جیهانێکدا کە دەرفەتەکان بە خێرایی لەدەست دەچن، نابێ یەکێک لە سەرکەوتووترین هاوبەشییە سەربازییەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، قوربانیی یاریگەلی سیاسیی کاتی و تیژتێپەڕی خۆی بکات.
Your Comment